دەستەی مافی مرۆڤ: تەقەکردن لە هێمن مامەند سنووردارکردنی ئازادییە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند تەقەکردن لە هێمن مامەند هەوڵێکە بۆ " سنووردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی" .

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە بریندارکردنی ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە هەواڵی تەقەکردن لە ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند و برینداربوونی ناوبراومان بیست لە شاری سلێمانی".

دەشڵێت" دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو کردەوە نامرۆڤانەی بەرامبەر ناوبراو ئەنجامدراوە، لامان وایە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی".

بە پێویستیشیزانیوە کە " دەزگا ئەمنیەکان و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و ڕادەستی یاسا بکرێن".

دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ هیواخواستن بۆ چاکبوونەوەی هێمن مامەند ڕایگەیاندووە "لەنزیکەوەش وەک دەستە چاودێری ئەو کەیسە دەکەین و هەر دوای ڕووداوەکەش تیمێکی نووسینگەی سلێمانی دەستە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و چاویان بە ناوبراو (هێمن مامەند) کەوتووە لە هەواڵیان پرسیوە، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەبین".

 سێشەممە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە گەڕەکی عەقاری لە شاری سلێمانی تەقە لە هێمن مامەند کرا و بەسەختی بریندرا کراوە.

بەرهیم لەتیف هاوڕیی هێمن مامەند بە سپی میدیای راگەیاند کە "  ژمارەیەک فیشەکی لێدراوە ویەکیان بەر جەستەی کەوتووە و رووداوەکە لە عەقاری روویداوە و لە ئێستادا ناوبراو لە لە نەخۆشخانەی شارە".

هێمن مامەند رۆژنامەنوسە و لە کۆمپانیای چەتر کار دەکات ولە ساڵی ٢٠١٧ لە دادگای هەولێر داواکراوە و لەوکاتەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە . 





AM:09:43:03/09/2025