نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین


 نرخی نەوت پێنجشەممە، هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەردوامە لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی و هۆکارەکەشی بۆ هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس دەگەڕێتەوە. 
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، پێنجشەممە ڕۆژی ٤ی ئەیلول لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ٢٧ سەنت دابەزی و بە ٦٧ دۆلار و ٣٣ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
لە جۆرەکانی دیکەی نەوتیش، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ٢٨ سەنتی دیکە دابەزی و بە ٦٣ دۆلارو ٦٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.  

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ٣ی ئەیلول، نرخەکانی نەوت بەهۆی چاوەڕوانییەکان بۆ زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەسەوە بەڕێژەی ٢٪ دابەزی.
 
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیار لەسەر زیادکردنی خستنەڕووی نەوت دەدەن ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە دابەزینی زیاتر. 

ڕێکخراوی ئۆپێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ١٠ وڵاتی گەورەی هەناردەکاری نەوتی جیهان، کە لە ناویاندا ڕوسیا هەبوو، هاوپەیمانییەکی نوێی پێکهێنا و ناونرا ئۆپیک پڵەس.

ئێستا بەرهەمی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس نزیکەی لەسەدا ٤٠ی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت. 

 




AM:08:55:04/09/2025