دەستەى سەربەخۆى
مافى مرۆڤ سەبارەت بە رووداوەکەى شێخان هاتەدەنگ و دەڵێت "تاوەکو ئێستا چەک
لاى کەسانێکە کە مەترسین بۆسەر ئاسایشى گشتى و زۆرجار داواکراوان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان
دەبنەوە و خەڵک و ماڵەکانی خۆیان وەک قەڵغان بەکاردێنن" .
لە پەیامەکەیدا
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "رووداوەکەى شێخان پێی گوتین، تاوەکو ئێستا
چەک لەلای خەڵکانێک هەیە لە دەرەوەی یاسا و مەترسیین بۆسەر ئاسایشی گشتی خەڵک و
بابەتی ماددە هۆشبەرەکانیش بووەتە پرسێکی گرنگ و جێی هەڵوەستەکردنە."
ئاماژەی بەوەشکردووە،
"زۆرجار دەبینین داواکراوان ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و خەڵک و ماڵەکانی
خۆیان وەک قەڵغان بەکار دێنن و دواتر هاونیشتمانییان و زۆرجاریش هێزە ئەمنیەکان دەبنە
قوربانی."
هەروەها
داوا دەکات، لەو پرسانەدا یاسا سەروەر بێت و داواکراوان بە ڕێکاری ئاسایی و یاسایی
خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و نەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و ئارامی وە هێزە
ئەمنییەکانیش لەکاتی دەستگیرکردنی داواکراوان ڕەچاوی پاراستنی ژیانی خەڵکی دیکە بکەن
سنووری کێشەکە گەورەتر نەکەن
.
شەوی سێشەممە،
لە کاتى هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتبارێک لە شارۆچکەى شێخان تۆمەتبارەکە رووبەڕووى
هێزە ئەمنییەکان بووەوە و لە ئاکامدا دووئەندامى هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا
و سیانى دیکە برینداربوون و تۆمەتبارەکەش کوژرا و کچێکیشی بریندار بوو.