ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند'' هەرێمی کوردستان وەک کوڕێکی یاخییە و بەغدا نازانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات.''
عەلی مەشكور، هەینی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العهد" دەڵێت'' هەندێک لە هێزە سیاسیەكان رێگری لە چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدادو هەولێر دەکەن و نوێنەری هەولێر لە گفتوگۆکان بەهێزترە لە دانوستانکارەكانی بەغدا.''
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیکردەوە لەوەی، دەبێت کاربکرێت بۆ گۆڕینی ستراتیژی دانوستان لەگەڵ هەولێر و ناکۆکییە سیاسییەکان وایکردووە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دوابخرێت.
مەشکور، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامی بە قاچاغبردنی نەوتی هەرێم، بەهۆی كۆنتڕۆڵ نەكردنی دەروازەكانی هەرێمە لەلایەن بەغدادەوە، كە ژمارەی دەروازە نافەرمییەکانی گەیشتووەتە ٢٦ دەروازە.
پڕۆژەیاسای نەوت و گاز یەکێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە کە تاوەکو ئێستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەمەش هۆکار بووە لەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بوەستێت.