ڕێبەری ڕەوتی سەدر، هەینی پێنجی ئەیلوول، زەنگی مەترسیی لێدا سەبارەت بە قەیرانی پیسبوونی ئاو و داوای کرد دۆسیەی ئاوی عێراق لە "ململانێ و یەکترشکاندنی سیاسی" دووربخرێتەوە.
موقتەدا سەدر لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی'' مەسەلەیەکی مرۆییە و ناتوانرێت بێدەنگیی لێبکرێت. دوای قەیرانی ڕیشەداری کارەبا لە عێراقدا، ئێستا ترس لە قەیرانی پیسبوونی ئاو وردە وردە زیاد دەکات.''
سەدر داوای کردووە ململانێی سیاسی بەلاوە بنرێت و دەست لە بڵاوکردنەوەی درۆ و یەکترشکاندنی سیاسی لەم دۆسیەیەدا هەڵبگیرێت.
ئەم هۆشدارییەی سەدر لە کاتێکدایە کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا دووپاتی کردبووەوە کە کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوە و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە هۆی دابەزینێکی گەورەی کۆگای ئاوی وڵات، و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ساڵی ٢٠٢٥ یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان لە ساڵی١٩٣٣ەوە.