لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کۆدەبنەوە

بەمەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سبەینێ یەكشەممە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان سەردانی ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) بكەن، ئەمەیش بە مەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لایەن و گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێكی ئەمنییەوە.

(هەركی) گوتیشی، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو پڕۆژەیاسایانە دەكەن كە پەیوەندییان بە ئەوانەوە هەیە، لەوانە پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزی ناوخۆ.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، پێشتر چەند پەرلەمانتارێك یادداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردبوو بۆ بانگهێشتكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای ئەنجوومەنی ئاساییش ماددەی دوو بڕگەی یەكەم، پەرلەمان ئەو مافەی نییە و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش سەر بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە نەك سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆیە خودی ئەو پەرلەمانتارانە یادداشتەكەی خۆیان كێشایەوە.

دەشڵێت، "راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان خۆی ئامادەیە بێتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئێمە بە پێویستمان زانی خۆمان سەردانی ئەو بكەین و هەماهەنگی دروست بكەین."




PM:10:17:13/12/2014