سەرۆک وەزیرانی هەرێم سێ بڕیار لەبارەی پێشمەرگە دەدەکات لەوانەش یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان، ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی هێزەکانی پێشمەرگە و راییکردنی معامەلاتی پێشمەرگە.
دووشەممە ١٥ی ئەیلول میدیای پارتی بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێشمەرگەی کردووە، بۆ بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکە مەسرور بارزانی دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کردووە کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون، جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردووەتەوە، لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دراون:
یەکەم: بۆ یەکەمجار بڕیار دراوە تەنها یەک یەکەی دارایی هاوبەشی پێشمەرگە هەبێت. دەبێت هەموو یەکە ژمێریارییەکان یەک بخرێن و بکرێنە یەک یەکە، ئەویش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان بێت.
دووەم: بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و پەیکەربەندیی هێزەکانی پێشمەرگە دراوە بە جۆرێک لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.
سێیەم: ئاسانکاریی بکرێت بۆ ڕاییکردنی معامەلاتی پێشمەرگە خانەنشینکراوەکان و پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، داوا لە حکومەتی عێراق کراوە مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخرێت، چونکە بەپێی دەستوور پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.