بەپێی زانیارییەکانی سپی میدیا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆتاییهات، بەهۆی یەکلایی نەکردنەوەی بابەتە یاساییەکان، ئەنجوومەنی دەوڵەت نەیتوانی هیچ بریارێک بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتیی کەریم خەسباک، سەرۆک ئەنجوومەنی دەوڵەت و دادوەر و ڕاوێژکارەکانی ئەنجوومەنەکە، کۆبوونەوەی تایبەت بە وەڵامدانەوەی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەهۆی یەکلایی نەکردنەوەی بابەتە یاساییەکان، ئەنجوومەنی دەوڵەت هیچ بریارێک نەداوە و بابەتەکەی دواخست بۆ سبەی پێنجشەممە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥.
هاوکات بڕیارە، سبەی کۆتا کۆبوونەوە بێت بۆ دەرکردنی روونکردنەوە و پێدانی بۆچوونی خۆیان دەربارەی راپۆرتی لیژنە یاساییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بە کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و عیراق.
سێشەممەی ڕابردوو ٩ی ئەیلول ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا.