شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت کە پلەکانی گەرما بەتایبەت لە رۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە بەرز دەبێتەوە و دواتر پلەکانی گەرما ئاسایی دەبنەوە و بەرەو نزمبوونەوە دەچێتەوە.
چوارشەممە ١ی تشرینی یەکەم ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاویکردەوە کە پێشبینی دەکرێت لەسبەی پێنجشەمەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما هەریەکە لە وڵاتی یۆنان و بولگاریا و ڕۆمانیا و ئالبانیا و رۆژئاوای تورکیا لە باشوری ئەوروپا بگرێتەوە و لە چیا بەرزەکانیشدا بەفر ببارێت لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە لەو ناوچانەدا .
سەبارەت بە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ئاراس جەبار دەڵێت" لەبەرامبەر کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەدا بەسەر بەرگەهەوای ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا وڵاتانی ناوچەکە بەرزەپاڵەپەستۆیەک کۆنترۆڵی کەشوهەوای ناوچەکە دەکات بە کەشێکی جێگیر و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەتایبەت لە رۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە و دواتر پلەکانی گەرما ئاسایی دەبنەوە و بەرەو نزمبوونەوە ئەچێتەوە ."
ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" بەگشتی لەم نزیکانەدا و تا ناوەراستی مانگ هیچ ئەگەرێکی بارانبارین بۆ سەر ناوچەکانمان لە ئارادا نیە و کەشوهەوای ناوچەکە بەجێگیری ئەمێنێتەوە ".
ئاراس جەبار لەبارەی ڕێژەی بارانبارین لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا رایدەگەیەنێت" لە پێشبینی وەرزیدا لەماوەی ڕابردوودا باسمان لەوەکرد کە مانگەکانی وەرزی پایز کەم باران ئەبن و لەخوار ئاستی ئاساییەوە بارانبارینمان ئەبێت بۆ وەرزەکانی دواتریش کە زستان و بەهارە نادیارە کە چۆن ئەبێت".
ئاراس جەبار راشیدەگەیەنێت" لەم ماوەیەدا زۆر باس لەوەدەکرێت کە گوایە لەمانگی ١٢ی ئەمساڵەوە و یان بەگشتی وەرزی زستانمان باراناوی ئەبێت هەموو ئەمانە کە باسدەکرێن لەم کاتەدا پێشبینیەکی لاوازن و هیچ هۆکارێک یان ئەگەرێکی لەو شێوەیەمان نیە کە لەئێستاوە بزانرێ لەمانگەکانی وەرزی زستان دۆخەکە چۆن ئەبێت بۆیە باوەر بەو سەرچاوانە مەکەن چوونکە ساڵی رابردووش هەمان سیناریۆ هەبووە لە پێشبینیەکاندا و دواتر کە کات نزیکبووەتەوە و بینیومانە پێشبینیەکان راست نەبوون و پێچەوانەبووە، بۆیە لێرەوە ئەم هەواڵە نادروستانە نادەین بەهیچ لایەک تا لێی دڵنیا نەبینەوە و هەرکاتیش گۆرانکاریەکی لەو شێوەیە بوو باسی لێدەکەین و ئاگادارتان ئەکەینەوە".