دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: تا ئێستا رێگا نەدراوە سەردانی ئارام قادر بکەین



دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگایان نەداوە چاومان بە ئارام قادر بکەوێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کوڕەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی تەندروستی ئەو گیراوە خراپە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژی چوار شەممە ٨ ی تشرینی یەکەم لە ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕێگە پێنەدانی تیمی دەستە لە لایەن هێزی ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ سەردانی کردنی ئارام قادر دەڵێت" دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستی باوکی ناجێگیرەو داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەنوسراوی فەرمی ژمارە ١٠٣٧ لەڕێکەوتی ٢٠٢٥/٩/٩ ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کرد لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن."

" ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٠ مافی بەدوا داچونی هەیە بۆ سەردانی کردنی چاکسازیەکان و بەندیخانەکان وبەدوا داچونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بەئەرکی خۆی دەزانێت وبەپێویستی دەزانێت سەردانی ناوبراو بکات و ئاگاداری دۆسیەی ناوبراو و ڕەوشی ژیانی ناوبرا بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ". ( دەستەکە وا دەڵێت ).

ئەو دەزگا سەربەخۆیەی هەرێم دەشڵێت " ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانی کردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی".
ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستگیرکراوە، تا ئێستا هیچ لە بارەی هۆکار دەستگیرکردنەکەیەوە رانەگەیدنراوە.




PM:01:41:08/10/2025