گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بۆ تورکیا دەست پێ دەکەنەوە


ئەندامێکی شاندی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەڵێت"  لەسەر داوای نێچیرڤان بازرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی تورکیا بە تەلەفۆن فەرمانی بە دەستەی فڕۆکەوانی داوە، سزای سەر فڕۆکەخانی سلێمانی لابدرێ، بەم نزیکانەش ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەکانی سلێمانی دەکرێتەوە"، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە.

ئەمڕۆ ٩تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەنکارای کرد و سەرەتا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و دواتر لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوەوە، بە پێی زانیاری میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامێکی شاندەکە پێی ڕاگەیاندوون، کە لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، ئەردۆغان فەرمانی بە کردنەوەی گەشتەکانی ئاسمانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی داوە.

تورکیا لە ٣ نیسان ٢٠٢٣، بۆ یەکم جار بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، بە هۆکاری "بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکە بۆ خزمەتی پارتی کرێکارانی کوردستان" و لە دواین بڕیاردا کاتی قەدەغەکردنی گەشتەکانی ئەو وڵاتە بۆ فڕۆکەخانەکە بۆ ٦ کانونی دووەم ٢٠٢٦ درێژکرایەوە. 







PM:08:45:09/10/2025