شارەزایەکی کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات

شارەزایەکی کەشناسی، ئاشکرایدەکات، شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کردوە ئەمشەو کاریگەرییەکەی دەگاتە هەرێم. 

ئاراس جەبار، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند'' لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لە کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین شار و گوندەکانی باکوری رۆژئاوای سوریای گرتەوە و لەهەندێ شوێنیشدا لافاوی بەهێز دروستبوو لەگەڵ بای بەهێز کە زەرەرو زیانی ماددی بەهەندێ شوێن گەیاند.'' 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکاتەکانی داهاتوودا ئەو شەپۆلە درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر باکوری کوردستان و پێشبینی بارانێکی زۆری لێدەکرێت لەگەڵ بارینی بەفر. 

ئاراس جەبار دەڵێت'' هەر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و بەتایبەت لەنیوەی شەودا لەسنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ ناوچەکانی دەڤەری بادینان کاریگەری ئەو شەپۆلە بە لاوازی دەستپێدەکات لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکە و نمە بارانی پچر پچر و لەهەندێ شوێنیشدا لەوانەیە رێژەی بارانەکە زیاتر ببێت لەنێوان ٢ تا ٥ ملیممەتر باران ببارێت.'' 

ئەو کەشناسەش جەختیکردەوە لەوەی، لە کاتی درەنگتری شەودا ناوچەشاخاویەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆرانیش دەگرێتەوە و لەو ناوچانەشدا بەرێژەی کەم ئەگەری باران و چالاکبوونی هەورە بروسکە ئەبێت و پاشان لە بەرەبەیانی سبەی دووشەمە کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە. 




PM:07:40:12/10/2025