کۆمپانیاکانی دانەغاز و کرێسێنت پترۆڵیۆم بە فەرمی دەستپێکردنی فرۆشتنی بازرگانی غاز لە پڕۆژەی فراوانکردنی KM250ی ڕاگەیاند و بەوپێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی کێڵگەکەیان لە رۆژانە ٥٠٠ ملیۆن پێی سێجاوە بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێی سێجا بەرزکردووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەمڕۆ چوارشەممە، دانەغاز رایگەیاند" هاتووە کە پڕۆژەکە هەشت مانگ زووتر لە خشتەی دیاریکراوی خۆی تەواو کراوە و پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی غاز بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، کە دەکاتە ٥٠% زیادبوون لە کۆی بەرهەمی کۆرمۆر".
دانەغاز ڕاشیگەیاند" بەم زیادکردنە، کۆی بەرهەمی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێکدا".
ڕوونیشیکردەوە کە کۆی گشتی وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا نزیکەی ١.١ ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە.
دەشڵێت" مەبەست لەم فراوانکردنە، زیادکردنی داهات و پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری".