یەكێتی‌و پارتی پۆستەكانی هەولێر یەكلایی دەكەنەوە

سەبارەت بە یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگای هەولێر، هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات لەرێكەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە‌و هەفتەی داهاتوو پۆستەكان رادەگەیەنرێت.

لەمبارەیەوە رێبوار ئیسماعیل جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی رێکخستنی ھەولێری یەکێتی ئەوەی بەSNN  راگەیاند، لەدواین کۆبونەوەی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکانی پارێزگای ھەولێر گەیشتوینەتە ئەنجامێکی زۆر باش و مەبدەئیەن رێککەوتوین.

وتیشی، لەو کۆبونەوەیەدا پارتی رەزامەندی لەسەر زۆربەی داواکارییەکانی یەکێتی دەربڕیوەو رازیبووە بە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی پارێزگای ھەولێر (ئیداری) و سێ قایمقام و شەش بەڕێوبەری ناحیەو سێ بەڕێوبەری گشتی بە یەکێتی.

دەربارەی ھەڵوێستی یەکێتیش لەسەر ئەو پۆستانەی پارتی وەک پشکی یەکێتی دیاریکردووە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی ئاماژەی بەوەدا کە وەکو یەکێتی مەبدەئیەن لەسەر زۆربەی بابەتەکان رازین بەڵام ئێمە داواکاریی زیاترمان ھەیە.

رێبوار ئیسماعیل راشیگەیاند لەکۆبونەوەی داھاتوو کە رەنگە ئەم ھەفتەیە یان سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجامبدرێت لەسەر ئەو بابەتانەی دیکەش رێکدەکەوین کە زیاتر خۆی لە دیاریکردنی ناوی قەزاو ناحیەو بەڕێوبەرایەتیەکانی پشکی یەکێتی دەبینێتەوە کە دەبێتە رێکەوتنی کۆتایی.





PM:04:25:17/12/2014