جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند'' نوێنەرانیان لە بەغدا باشترین کاریان کردوە و پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە.''
مەسرور بارزانی، پێنجشەممە ١٦ی تشرینی یەکەم، لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر دەڵێت'' هیوادارین بەردەوام بن بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی ئەو خوشک و برایانە دەکەین بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوارساڵ لە بەغدا خزمەتی ئێوە بکەن، بۆیە هەموومان پێکەوە پشتیوان دەبین بۆسەرخستنی ئەم لیستە و ناردنی ئەو خوشک و برایانە بۆ پەرلەمانی عێراق.''
جەختیشی کردەوە، بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەولایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت، یان بۆ ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان ڕکابەری پارتی بکەن، بۆ ئەوەش بەغدایان هەڵبژاردووە تاوەکوو لەوێ ڕکابەری پارتی بکەن.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند'' ئەبێت هەوڵێکی جددی بدەین بۆ ئەوەی پارتی ببێتە ئامرازێک بۆگەیشتن بە ئامانجی سەرەکی نەتەوەکەمان، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە هەموو خەونەکانی گەلەکەمان ببنە ڕاستی، پارتی لە کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستا لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.''
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێووەبچێت.