سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایگەیەند " ئەوانەی ئێستا پارەکانیان لە بینا گەورەکانی ئێرە جێی نابێتەوە و ئەیبەنە دەرەوە، ئەمڕۆ سەرۆکی کوردیان پێ دەوترێت ڕۆژگارێک لە شاخ وەک یەکتربووین و ئێسترمان هەبوو، ئێستا ئێمە وەک خەڵکی خۆمانین و ئەوان زۆر جیاوازن لە خەڵک".
لە ئاهەنگی ناساندنی لیست و بەربژێرەکانی لە سلێمانی، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمڕۆ، ١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند " پێم خۆشە خەڵکەکە زیاتر ئەمجارە هاتۆتە سەر ڕێبازیی ئێمە، جاری دیکەش ئێمە لە بانگەشەدا هەڕەشەمان لە کەس نەکردوە و وەعدی درۆمان نەداوە، ڕێک و ڕاست بوین لەگەڵ خودا و خەڵک، پێم خۆشە ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی تردا لە کاتی بانگەشە بە شێوەیەک قسەیان دەکرد، دواتر پێیان عەیب بوو گوێ لە خۆیان بگرنەوە، ئەمجارە ئارام بونەتەوە و هاتونەتە سەر ڕێڕەوی ئێمە".
دەربارەی ژمارەی کەمی کاندیدەکانی سەرۆکی کۆمەڵ دەڵیت " با تەماشا نەکەن ئێمە حەوت کاندیدمان هەیە، بەرەکەت بە ژمارە نیە، بە توانا و ناوەڕۆکە، ئێمە کەس زۆر نانێرین لەوێ دەنگی پی کۆ بکەینەوە بۆ بەرژەوەندی خۆمان".
سەبارەت بە بایکۆتکردنی بەشداریکردن لە کابینەی ١٠ حکومەتی هەرێمی عەلی باپیر، ووتی " ئەگەر بزانین پەرلەمانێک غەشی تێدادەکرێت و دیزاین کراوە بایکۆتی دەکەین، ئەو کاتە وتمان ئەو پەرلەمانە سەرپێ ناکەوێت، ئەوەتا ئێستا ناڕوات".
لە کۆتایدا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری داوای لە لایەنەکانی کوردستان کرد "هەڵبژرادن بۆ پەرەلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە کە پاک و چاک بێت بۆ خەڵک و هەموو لایەنەکان و دوور بێت لە دیزاین و دەستوەردانی ولاتانی دراوسێ".
١١ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕیوە دەچێت، لە ٣ تشرینی یەکەی ٢٠٢٥ وە بانگەشەی لایەنەکان بۆ لیست و بەربژێرەکانیان دەستی پێکردوە