شه‌پۆلێكی بارانبارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌


 شاره‌زایەکی بواری كه‌شناسی، هۆشداری دەدات لەوەی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە و ئەگەری لافاو هەیە. 

ئاراس جەبار، شەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند” لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە باشوری ئەوروپا و دەریای ناوەڕاستەوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوه‌، شەپۆلێکی بارانبارین بەڕێژەی جیا جیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە  بەردەوامی ئەبێت.”

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگشتی پێشبینی بارانی کەم و پچڕپچڕ ئەکەین بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، لەهەندێ شوێنیشدا بڕی بارانەکە زیاتر ئەبێت لە نێوان ٢ بۆ ٥ ملیممەتر.

ئاراس جەبار، هۆشداریداوە لەوەی،  لەسنوری پارێزگای دهۆک و بەتایبەت ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە کاریگەرییەکانی شه‌پۆله‌كه‌ بەهێز ئەبێت و لەو ناوچانەدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و چالاکبونی هەورە بروسکەی بەهێز ئەبێت کە لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری ئەوە ئەبێت لافاو دروستببێت و بڕێکی زۆر باران ببارێت لەنێوان ٢٠ تا ٥٠ ملیممەتر.




PM:09:12:18/10/2025