سەرۆکایەتی
دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی کەرکوک/ گەرمیان، دەڵێت" ڕێکاری یاسایی دژی ئەو
کەسانە دەگرێتە بەر کە باڵندەی شاهینیان ڕاوکردوە"
ئەمڕۆ،
١٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، سەرۆكایەتی
دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/گەرمیان، سەبارەت بە ڕاوکردنی باڵندەیەکی شاهین
لە گەرمیان، ڕایگەیاند "دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
كەتیایدا باسی ڕاوكردنی باڵندەیەك كراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارانی ئەو ڕووداوە
كراوەتەوە و رێكاری یاسایی پێویست لەدژیان دەگیرێتەبەر".
دوێنێ،
١٨ تشرینی یەکەم پارتی سەوزی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بارەی گرتە
ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە پێنج کەس دەردەکەون و باڵندەیەکی شاهینیان
گرتوە.
لە
لێدوانێکدا بۆ (سپی)، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، ملکۆ بازیانی وتی "ئێمە تەنیا
بەو ڕاگەیاندراوە ناوەستین و سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین تا دەگەن بە
سزای خۆیان، چونکە ئەو باڵندەیەی گرتویانە لە جیهاندا کەمە و نرخەکەی بە ملیۆن
دۆلارە، و لە وڵاتانی عەرەبی دەفرۆشرێتەوە، لە کوردستاندا ژمارەیەک لەم باڵندە
هەیە، کە ئێمە لەبەر پاراستنیان ژمارەکە ئاشکرا ناکەین".
ئەو باڵندەیە لە جۆری شاهینە،
کە بە یەکێک لە باڵندە دەگمەنە ڕاوکەرەکانی جیهان دادەنرێت، و خێراترین باڵندەی
جیهانە، کە خێرایەکەی ٤٠٠ کیلۆمەترە بۆ هەر کاتژمێرێک، و نرخەکەی دەگاتە ملیۆنێک دۆلار
لە وڵاتانی وەک ئیمارات و سعودیە و قەتەر.