تورکیا دووپاتی دەکاتەوە: پێویستە هێزەکانی هەسەدە بخرێنە ناو سوپای سوریاوە

لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سوریا، تورکیا لە هۆشدارییەکانی بۆ هێزە کوردییەکان بەردەوامە و دەڵێت" بەردەوام نەبن لەسەر ڕێگەی هەڵە".

لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا داوای لە هێزەکانی (هەسەدە) کردووە " خۆبپارێزن لە هەر کارێک یان لێدوانێک کە زیان بە یەکڕیزی سوریا بگەیەنێت".

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە "تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناو هێزەکانی بەرگری سوریادا لەوپەڕی گرنگی هەیە"، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام چاودێری ئەو پرسە دەکات.

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەفتەی ڕابردوو داوای لە هەسەدە کرد کە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا یەکبگرن و هۆشداریشی دا کە "بەردەوام نەبن لەسەر ڕێگەی هەڵە".

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریاوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا کە لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا چەندین هێرشیان لە دژی ئەو هێزە کوردانە ئەنجامداوە، چەندین جار هۆشدارییان بە هێزەکانی سوریای دیموکرات داوە و داوایان لێکردوون بچنە ڕیزەکانی سوپای فەرمی سوریا و هێزە ئەمنییەکانەوە.




PM:01:58:23/10/2025