ئەمڕۆ لە شارەدێی سیروان و شارۆچکەی ڕانیە، نەوتی سپی ماڵان دابەش دەکرێت کە هەر بەرمیلێکی بە ١٠٤ هەزار دینارە.
ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێت پێویستە هاووڵاتیان سەردانی بریکارەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە کارتی وەرگرتنی نەوت، چونکە هەر هاووڵاتییەک کارتی نەوتی بەسەرچووبێت ئامێرەکە ناتوانێت قبوڵی بکات و پێویستە سەردانی دارایی ڕانیە بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارتەکانیان بۆ کارا بکرێت.
ئاشکراشی کردوە کە بڕیاری لیژنەی سوتەمەنیمان وایە پرۆسەی دابەشکردن لە گەرەکی (ڕۆژستی، بیتوێن ستی، ڕانیەی نوێ، دابان، تیتۆکە، ماردین کۆدۆ ئازادی داستان کارۆخ شارەوانی ) دەست پێبکات کە بڕی (٤٠) تانکەر پێشنیوەڕۆ لەلایەن لیژنەی سوتەمەنی دابەشی گەرەکەکانی ناو ڕانیە دەکرێت.
هاوکات لیژنەی سووتەمەنی شارەدێی سیروان لە ئاگادارییەكدا بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکەی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە نەوت دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە" پێداویستیەکانی وەرگرتنی نەوت بریتیە لە کارتی ئەلکترۆنی نەوتی سیروان و بڕی ١٠٤ هەزار دینار".
پێشتر سەرچاوەیەك لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، دوای دابەشكردنی نەوت لە قەزا و ناحیەكان و ناوچە شاخاویەكان، دابەشكردنی نەوت لەناو شارەكان دەستپێدەكەن.
شایانی باسە هەر ماڵێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی بە بڕی ١٠٤ هەزار دینار پێدەدرێت، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستیپێکرد و دواتر دەگاتە ناو سەنتەری شارەکان.