یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت، ڕێباز حەملان، دەڵێت " بە فەرمانی سەرۆک وەزیران فشارمان لە حکومەتی فیدراڵی کردوە تا مووچەی مانگی ٩ (ئەیلول) مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت".
چوار شەممە، ٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ڕێباز حەملان یاریدەدەری کاروباری ئابوری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای نزیک لە پارتی وتوە " حکومەتی هەرێم فشارێکی زۆری خستوەتە سەر حکومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی پابەندی و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نۆ بدرێت".
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە پێش هەڵبژاردن مووچەی فەرمانبەران بنێردرێت و کەی حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەیدا و خستیە سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی، ئەمانیش ١٢٠ ملیارەکە دەنێرن.
سێ شەممەی داهاتوو، ٤ تشرینی دووەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، وە تا ئێستا هیچ هەواڵێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلول نیە.