هێرش‌و سوکایەتی بە تیمێکی بانگەشەی یەکێتی لە هەولێر دەکرێت


ئەمڕۆ ٣٠ ی تشرینی یەکەم لە بەردەم قەڵای هەولێر تیمێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لەلایەن ژمارەیەک هەواداری پارتیەوە هێرشدەکرێتە سەریان و سووکایەتییان پێدەکرێت و " شەقیان " تێهەڵدەدەن.

د. ئەیوب سماقەیی کە کانیدێکی بازنەی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە" تیمێک گەنجی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەیان بۆ لیستی ٢٢٢ ی یەکێتی کردووە، لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە تیمەکە ئیستیفزازکراون و قسەی نەشیاویان پێ وتراوە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە چەند ئەندامێکی تیمەکە لە تیمەکە جیابوونەتەوە و دواکەوتوون ژمارەیەک ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمەیان بەهەل زانیوە و هێرشیان کردووەتە سەریان.

ئەو کاندیدە وتیشی "یەکێتی بەفەرمی لە کۆمیسیۆن سکاڵا تۆماردەکات."

لەو ڤیدیۆیەی کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە کۆمەڵێک گەنجی لایەنگری پارتی لە بەردەم قەڵا لە هەولێر پاڵ بە ژمارەیەک گەنجی لایەنگری یەکێتیەوە دەنێن و سوکایەتییەکان پێدەکەن و لە یەکێکیان بەر " شەق " دەدەن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن پێشبینی دەکرێت لە نێوان لیستە جیاجیاکاندا گوتاری میدیای بەرەو هەڵکشان بڕوات و لەسەر ئاستی جەماوەریش بارگژی دروستبێت.




PM:10:49:30/10/2025