بڕیارە کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، دوای زیاتر لە دوو
ساڵ لە ڕاگرتنی، یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵەوە بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی
و کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیش هەمان فڕۆکە، لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگەڕێتەوە تورکیا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە، هەفتانە، ڕۆژانی شەممە، دووشەممە،
سێشەممە و هەینی، گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا لە ڕێگەی هێڵی
فڕۆکەوانی تورکش ئێرلاین بەڕێوە بچێت.
ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا، کاریگەریی کردبووە
سەر گەشتی هاووڵاتییان، بە تایبەتی بازرگانانی شاری سلێمانی.
لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، تورکیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی خۆی بەڕووی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا ڕاگەیاند. تورکیا هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە
بۆ "چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە" لە پارێزگای سلێمانی، و بە
تایبەتیش ئاماژەی بە "هێنان و بردنی چەک و تەقەمەنی" لە ڕێگەی
فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەکرد.
پەیوەندییەکانی سلێمانی و ڕۆژئاوا یەکێکی دیکە بوو لە نیگەرانییەکانی
تورکیا و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان (کە سلێمانی لە ژێر
کۆنترۆڵی ئەواندایە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە لە ڕۆژئاوای
کوردستان کە تورکیا هەسەدە بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت.
ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکەی دهۆکیش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی تر کەڤ لە
مانگی ئاداری ٢٠٢٣، هەلیکۆپتەرێک لە دهۆک کە چەند شەرڤانێکی رۆژئاوای هەڵگرتبوو کە
لە ناویشیاندا فەرماندەیەک هەبوو کە دەوترێت لە کاتی گەڕانەوەیدا لە سوریا بۆ
سلێمانی تێکشکا، ئەمەش گومانەکانی تورکیای زیاتر کرد.
لەو دەمەدا یەکێتی و حکومەتی هەرێم وحکومەتی عێراق ناڕەزایەتی خۆیان
لەسەر بڕیارەکەی تورکیا دەربڕی و بە زەرەرمەند زانیاریان بۆ هاووڵاتیان و ئابووری
هەرێم.
هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیکردەوە کە هیچ هاوکارییەکی
پەکەکە بکات و ڕایگەیاند کە داخستنی فڕۆکەخانەکە سزایەکی بەکۆمەڵە بۆ خەڵکی
سلێمانی.