بارزانی په‌یامێک سه‌باره‌ت به‌ پێشره‌ویه‌کانی بۆ سه‌ر شه‌نگال بڵاوده‌کاته‌وه‌

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانی په‌یامێکی سه‌باره‌ت به‌ پێشره‌ویه‌کانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ بۆسه‌ر چیای شه‌نگال بڵاوده‌کاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت " خۆشحاڵم كە لە بۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدییاندا سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە دیاری پێشكەشی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەین و، ئەمە شیاوترین پیرۆزباییە لەوان دەكەین".
هه‌ر له‌ په‌یامه‌که‌یدا بارزانی ده‌ڵێت " هیوادارم بەیەكگەییشتنی ئەم سەركەوتنە مەزنە و جەژنی ڕۆژووی خوشك و برایانی ئێزیدی ببێتە هۆی ساڕێژبوونی برینی ئێمە و ئەو ئازیزانە و گەلی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەین كە سەری دوژمنان دەكەوێتە ژێر پێیان".
 
دەقی پەیامەكە:
خۆشحاڵم كە لە بۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدییاندا سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە دیاری پێشكەشی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەین و، ئەمە شیاوترین پیرۆزباییە لەوان دەكەین.

دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان و گەییشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال لە 18ـی 12ـی 2014 مانای خۆی هەیە. 
با هەموو دوژمنان و ناحەزان بزانن ئەگەر جارێك بۆیان بڕەخسێت كینی خۆیان بەرانبەر كورد و كوردستان دەربكەن، لە كۆتاییدا باجی تاوانەكانیان دەدەن و ئەبێ تیرۆریستانی داعش ببنە پەند بۆ هەموو دوژمنان.

هیوادارم بەیەكگەییشتنی ئەم سەركەوتنە مەزنە و جەژنی ڕۆژووی خوشك و برایانی ئێزیدی ببێتە هۆی ساڕێژبوونی برینی ئێمە و ئەو ئازیزانە و گەلی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەین كە سەری دوژمنان دەكەوێتە ژێر پێیان.

هەزارن سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی هەمیشە زیندوو. دوعای چاكبوونەوەی بە پەلەش بۆ بریندارەكان و دەست و چاوی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان ماچ دەكەم كە من دەزانم چ قارەمانییەكی مەزنیان تۆمار كردووە.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 12ـی 2014



AM:11:55:19/12/2014