نزیکەی شەش مانگە ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی دەستگیرکراوە، ئەمڕۆ دەبوو لە دادگای سلێمانی ببرایەتە بەردەم دادوەر، بەڵام دادگایەکەی دواخرا.
سێ شەممە، ٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بەکر حەمە سدیق، پارێزەری ئارام قادر بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کە دادگاییکردنی ئارام قادر بۆ ٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ دواخراوە، سەبارەت بە دواخستنی هۆکاری دادگایکردنەکە ووتی: " کاک ئارام لای دژەتیرۆر زیندانییە و ئەمڕۆ ئەو هێزە ئامادە نەبوون بیهێننە دادگای سلێمانی، لە دادگاوە پەیوەندی بە دژەتیرۆرەوە کرا، بەڵام وەڵامی دادگاشیان نەدایەوە، بۆیە دادوەر بڕیاری دا دانیشتنەکە دوابخات".
دەربارەی ئەو ماددەیەی ئارام قادری پێگیراوە و سزاکەی، ئەو پارێزەرە دەڵێت: " ئارام قادر بە مادەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٢٣ تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی، ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ئارام قادردا ساغبێتەوە، بەگوێرەی مادەکە لە ٥ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێت".
ئارام قادر لە ١٢ حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە سلێمانی دەستگیرکراوە، ئارام قادر، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی لەکارکێشایەوە.