بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن لە دەستەی مافی مرۆڤ، زانیاری لەسەر ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی تا ئێستا کەس نەیبینون لە شەڕەکەی لالەزار، و شوێن و کاتی دادگایکردنی لاهور شێخ جەنگی دەخاتە ڕوو.
سێ شەممە، ٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، سلێمان محسین، بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن لە دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ژمارەی تەواوی دەستگیرکراوانی لالەزاریان پێنەدراوە، حەوت لەو دەستگیرکراوانەش تا ئێستا کەسوکاریان نەبینەوە، پاساوی لایەنی پەیوەندیداریش ئەوەیە، ئەو کەسانە لە شوێنی ترەوە هاتوون بۆ شەڕەکەی لالەزار.
ئەو بەرپرسەی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، شوێنی زیندانیکردنی لاهور شێخ جەنگی گۆڕدراوە و ئێستا لە زیندانی کانی گۆمە نەماوە و لە ئاسایشی گشتی سلێمانیە، وە دەربارەی کاتی دیاریکراوی دادگایکردنی ئاگادار نەکراونەتەوە و کاتەکەی دیار نییە.
لە ٢٢ ئابی ٢٠٢٥، هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشیان کردە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، بە پێی ئاماری ڕاگەیاندراوی دوای شەڕەکە، پێنج کەس کوژران، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و دوو کەس لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی، دواتر تەرمی چواریان بەخاکسپێردران، و ئەمڕۆش تەرمی ڕێکار دوای ٧٢ ڕۆژ لە شەڕەکە لە سۆران بەخاک سپێردرا، نزیکەی ٢٠ کەسیش بریندار بوون.