لە سلێمانی ١١ پاڵاوگەی نا یاسایی دادەخرێت

ئاسایشی سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوودا ١١ پاڵاوگەی نا یاسایی داخستووە و ١٢ کەسی دەستگیرکردووە.  ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی چەندان بابەتی رۆژنامەنووسی دێت لەبارەی رشتنی پاشماوەی ژەهراوی سووتەمەنی لە چەندان شوێنی جیاجیای سلێمانی.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئاسایش سلێمانی بە ماڵپەڕێ " سپی "راگەیاند'' لە چەند رۆژی رابردوودا ١١ پاڵاوگەی نا یاسایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی داخراون.''

سەرچاوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو پاڵاوگانە سەرجەمیان مۆڵەتیان نییە، هەروەها ئاشکراشی کرد لەسەر هەمان تاوان ١٢ کەس دەستگیرکراون.

هەر هاوڵاتیەک یان لایەنێکی زەرەرمەند دەتوانن داوایی یاسایی لەلای دادوەر ئاسایش لەسەر ئەو پاڵاوگانەوە و ئەو کەسانەی گیراوان تۆمار بکەن.

ئەم رێوشوێنانەی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەت دوای ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانە دێت کە لە ماوەی مانگی رابردوودا لە بارەی رشتنی پاشماوەی ژهراوی سوتمەنییەوە لە نزیک گوندەکان و لە رێڕەوە ئاویەکان رێژراون و زەرەری زۆریان لە ژینگەی پارێزگای سلێمانی و کشتوکاڵ و مەڕوماڵات و سەرچاوەو رێڕەوە ئاویی و رووبارەکان داوە.  

ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ ی تشرینی دووەم دەستەی داکۆکیکار لە سروشت و موڵکی سلێمانی و رێکخراوی پاراستی ئاوی عێراق – سلێمانی و ژمارەیەک میدیاکار لەبەردەم بینایەی داواکاری گشتی لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند" ئەم کارەساتە جارێکی دیکە ئەنفالکردنی کوردە و ئەمجارە بە بێدەنگی و بەدەستی خۆمان خەریکە ژینگەی خۆمان دەخەینە مەترسی  و کارەساتی مرۆیی گەورەوە".

ئەم کۆنگرەیەی ئەم ژینگەپارێزانە دوای کۆبوونەوەیان دێت لەگەڵ داواکاری گشتی سلێمانی، لەو کۆنگرەیەدا ئاشکراشیان کرد کە لەسەر ئەم پرسە داواکاری گشتی سلیمانی سکاڵای لە شارەزوور و پێنجوێن وهەڵەبجە و گەرمیان و دوکان جوڵاندوە و داوایکردووە رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسەی کە ئەم تاوانە ژینگەییان ئەنجام داوە و یان دەستی تێدا بووە؛ ئەوەی گواستویانەتەوە وباریان کردووە و رشتوویەتی بگیرێتەبەر کە بە پێی یاسای ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ لە هەرێمی کوردستان ئەم کارانە تاوانی ژینگەیی زۆر گەورەن و ئەو مادانەی مادەی قڕکەر وکیمیایی مەترسیدارن کە ژیان بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ لەم ژینگانە دەخەنە مەترسییەوە.




PM:05:12:05/11/2025