بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوا ده‌کات که‌ کۆمه‌ڵ‌و یه‌کگرتوو شه‌ق له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبده‌ن

په‌رله‌مانتار‌و وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی شوان قه‌ڵادزه‌یی داواده‌کات که‌ کۆمه‌ڵ‌و یه‌کگرتوو له‌ ده‌سه‌ڵات بکشێنه‌وه‌.

له‌میانه‌ی وتارێکیدا که‌ له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی بڵاویکردۆته‌وه‌ ، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌ڵێت " کاتی ئەوە نەهاتووە شەق لەو پێگە لاوازو کورسیە لەرزۆکەی خۆمان (مەبەستم هەرسێ لایەنە ئیسلامیەکەیە ) هەڵ بدەین ؟ وەناوماڵی خۆمان یەک بخەین و ببینە یەک ناونیشان و یەک سەرکردەو یەک ئاڵا ؟ دڵنیام بەو هۆیەوە هیوای کوردانی دڵپاک دەگەشیتەوە و جەماوەری ڕابوون و خانەوادەی شەهیدانیش لە نائومێدی دەرباز دەبن و بەو هۆیەشەوە شکۆداری دونیاو قیامەت بۆخۆمان و میللەت بەدەست دەهێنین .دەی با زۆر قوڵی نەکەینەوە باوەکو دەسپێک سەیری ئەم بیرۆکەیە بکەین و ناوی خوای لێ بهێنین و دەست پێ بکەین ."

شوان ده‌ڵێت " لەدانیشتنی ١٨-١٢-٢٠١٤ ی پەرلەمان بەڕێز (عبدالســتارمجید) وەزیری کشتوکــاڵ ئامادەبوو ..ئەم سەرنجانەم لەسەر شێوازی بەڕێوە چوونی دانیشتنەکە هەبـوو ..سەر لەبەیانیەکەی لە ١١١ پەرلەمانتار تەنیا ٥٨ ئامادە بوون ! بۆ دانیشتنی دوای نیوەڕۆش ژمارەی ئامادەبووان هێندە کەم بوو نصابی قانوونی تەواو نەکرد لەبەر ئەوە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرت !، وەلەدوای تەواو بوونی ڕاپۆرتەکەی وەزیر سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان کەلە فراکسیۆنی گۆڕانە وەڵامی توندی وەزیرو راپۆرتەکەی دایەوە !مەبەستی بەندە لەم ڕوون کردنەوەیە ئەوەیە تا بزانین کێ دۆستمانە و چی تر نەبینە پرد بۆ خەڵکی تر بەسەرماندابپەڕنەوە و لە پەراوێز خستنیش ڕزگار بین".

له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌شداری حکومه‌تی نه‌کردوه‌‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگه‌یاندوه‌‌و خاوه‌نی یه‌ک کورسی په‌رله‌مانی کوردستانه‌.



PM:12:46:20/12/2014