یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ڕێباز حەملان، دەڵێت "دوای هەڵبژاردن لیژنەیەک دەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە".
شەممە، ٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "١٢٠ ملیارەکە ئامادەیە بۆ ناردن و لیستی مووچەش نێردراوە، هیچ بابەتێک کە پەیوەندی بە کێشەوە هەبێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نەماوە، ئێمە ئەگەر بە یاسای بەڕێوبردنی دارایی بڕۆین، دەبێت مانگانە ٨٠ ملیار دینار دەتوانین بنێرین، بەڵام لە پێناوی مووچەی مووچەخۆران ئێمە ئەو ١٢٠ ملیارە دەنێرین".
سەبارەت بە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو یاریدەدەرە، ووتی "تا ئێستا زیاتر لە ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای سۆمۆوە فرۆشراوە".
لە هەرێمی کوردستاندا مووچەخۆران چاوەڕێبوون بەر لە هەڵبژاردن مووچەی مانگی ئەیلول دابەشبکرێت، بەڵام لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بڕیاری ناردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدرا.