ئەپلیکەیشنی پسووڵەی خۆراک کارا دەکرێتەوە

%١٣ ـی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردووە، بەهۆیەوە بەشەخۆراک و بەشەئاردی مانگانەیان بڕاوە، بڕیارە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتی" بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا ٢٠ -١١ -٢٠٢٥ ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، ئەمە درێژکراوەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی ئەو قۆنا‌غە دەستدەکرێت بە قۆناغی دووەم و هاووڵاتییان دەتوانن بەشێکی دیکەی زانیارییەکان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار بکەن.

هاوکات، لە قۆناغی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن لەوانە، خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاووڵاتییان لە تۆماركردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی پسووڵە لە بریكارێک بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیریان كردووە و پسووڵەی خۆراكیان نییە.



PM:12:25:10/11/2025