دەزگای ڕوانگە، کە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانیەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئۆتۆمبێلێک دەداتە لایەنگرێکی پارتی و ماڵەکەشی بۆ نۆژەن دەکەنەوە، بە هۆکاری ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن وتویەتی "پەرلەمان دەهەژێنین و یەک ملیۆن دەنگ تێدەپەڕێنین".
پێنج شەممە، ١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بە پێی هەواڵێکی کەناڵی ڕوداو، بەڕێوبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندوە " ئەو گەنجە لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە پەیامی بۆ کاک نێچیرڤان ناردبوو، ئێمەش بۆ پەرەدان بە باری ئابووری و کارەکەی ئۆتۆمبێلێکمان پێشکەشکرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ شەو سەردانی شوێنی ژیانیمان کرد، کە زۆر نەگونجاو بوو، بۆیە خانووەکەشی بۆ نۆژەن دەکرێتەوەو کەلوپەلیشی بۆ دابین دەکرێت ".
ئەو کەسەی بانگەشەی کردبوو و خەڵاتەکانی پێ دەدرێت ناوی عەبدولباری ئیدریسە، و ئاماژەی بەوە داوە کە نوێنەری ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی کردوە، سوپاسیان دەکات بۆ خەمخۆری و دڵسۆزیان.
ڕێکخراوی ڕوانگە بەم شێوەیە خۆیان دەناسێنن "دامەزراوەی ڕوانگە ڕێکخراوێکی ناحکومییە (NGO) کە لە سەرانسەری عێراقدا کاردەکات، گرنگییەکی سەرەکی لەسەر باشترکردنی ژیان لە ڕێگەی بەرنامەکانی پەروەردە، بەهێزکردنی گەنجان، پاراستنی ژینگە، و پشتگیریکردنی گروپە لاوازەکانە، لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانی دامەزراوە".