بزووتنەوەی گۆڕان جێگری پارێزگاری سلێمانی یەکلاییکردەوەو هێشتا کاندیدەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەو بەڕێوەبەری ئەوقاف بەتەواوی یەکلایی نەکردۆتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی میدیای راگەیاند " بزووتنەوەی گۆڕان سەردار قادری کاندید کردووە بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری هونەری ".
سەردار قادر میدیاکارو وەبەرهەمهێنەرەو لەسەرەتای گۆڕانەوە لەگەڵ بزووتنەوەکەدا بووەو چەندین پۆستی جیا جیای لەناو گۆڕاندا وەرگرتووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بۆ بەڕێوەبەری پەروەردە هەریەک لە ( ئاری کە لەناو گۆڕاندا بە مامۆستا ئاری ئەڵایی ناسراوە، مامۆستا دڵشاد عومەر محەمەد کە پێشتر بەرپرسی رایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان بووە، شنۆ عوسمان ) کاندیدن و لە دوو رۆژی ئایندەدا یەکلایی دەکرێنەوەو کەسێکیان بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت.
سەبارەت بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف، سێ کاندید بۆ ئەو پۆستە لەناو گۆڕاندا هەیە( فەرەیدون غەریب، سوهەیب ئەحمەد، مەلا کامەران) چانسی فەرەیدون غەریب زیاترە.