ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنرێت

بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنرێت".

مەروان محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" دەنگی ئەو حەوت وێستگەیەی کە بازنەی هەولێر هەژمار نەکراوبوون بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە، بەڵام ئێستا دەنگەکان هەژمار کران و ئەنجامەکەیان گەیشتە بەغدا و چاوەروان دەکرێت ئەمرۆ ئەنجامی فەرمی ڕابگەیەنرێت."

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، ٨٤.٤٢% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی ٥٤.٣٥% بوو.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، وە لە ڕۆژی ١٢ تشرینی دووەمدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەراییی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند. 

بە پێی وتەی کۆمیسیۆن لە كۆی (٢٠.٦٣.٧٣٣)ی دەنگدەر، ژمارەی ئەوانەی دەنگیانداوە گەیشتوەتە (١٠.٩٠٤.٦٣٧) دەنگدەر، بەمەش رێژەی بەشداری گەیشتوەتە (٥٤%).

هەروەها بە دەنگدانی تایبەت و گشتییەوە لەكۆی (٢١.٤٠٤.٢٩١) دەنگدەر، (١٢.٠٠٣.١٤٣) دەنگدەر دەنگیانداوەو بەمەش ئاستی بەشداری گشتیی (٥٥%)ی تێپەڕاندووە.

سەبارەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، زۆرترین ئاستی بەشداریکردن لە دهۆک تۆمار کراوە کە ڕێژەکەی ٧٦.٠٧٪ بووە، دوای ئەویش هەولێر ٦٩.٢٪ و سلێمانیش لە پلەی سێیەمدایە کە تەنیا ٥٦.٨٧٪ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە.

لە کەرکووکیش ڕێژەی بەشداریکردن ٦٤.١٢٪ بووە ونەینەواش ٦٤.٠٤٪.

ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکانی دەریدەخەن کە لە هەرێم زیاتر لە ٢٨٨ هەزار دەنگی پووچەل هەبووە کە زۆرترینیان لە سلێمانی تۆمار کراوە.







PM:12:49:16/11/2025