چوار هێلیکۆپتەری سوپای تورکیا بە ڕۆژی ڕووناک بە ئاسمانی زاپەوەن

‌وێنەی یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان لە ئاسمانی زاپ
کاتژمێر ١١ پێشنیوەڕۆ، چوار هێلیکۆپتەری سوپای تورکیا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە بەردەوامی لە ئاسمانی ڕۆژئاوای زاپدا سوڕاونەتەوە، کە نازاندرێت ئایا ئەو هێلیکۆپتەرانە سەربازیان دابەزاندوە یاخود چەکیان گواستۆتەوە.

سێ شەممە، ١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو پەکەکە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە چەند ناوچەیەکی زاپ کە مەترسی شەڕی لەسەربوو کشاندەوە، کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوار هێلیکۆپتەری سوپاسی تورکیا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە ئاسمانی ناوچەی زاپدا سوڕاونەتەوە، پەیامنێری سپی میدیا  لە دهۆک ووتی " هێلیکۆپتەرەکان لە ئاسمانی ڕۆژئاوای زاپدا بوون، لە ڕابردوودا هێلیکۆپتەرەکان بە شەو لە ناوچەکەدا دەسوڕانەوە، بەڵام ئێستا بە ڕۆژ دەبیندرێن، هەتا ئێستا دیارنییە کە ئایا سەربازیان دابەزاندوە یاخود چەکیان گواستۆتەوە، چونکە لە ڕابردووشدا سێ بۆ چوار خاڵی سەربازی تورکیا لەوێدا هەبوون".

هەر بە پێی زانیاریەکانی سپی، هێلیکۆپتەرەکان هیچ تەقەیەکیان نەکردوە، و بەردەوام دوو هێلیکۆپتەریان چاودێری و پاسەوانی ئەو دوو هەلیکۆپتەرەی دیکە بوون کە نیشتونەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو "تەڤگەری ئازادی" (پەکەکە)  ڕایگەیاند" لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە".

ئەو ناوچەیە پەکەکە ناوی ناوە زاپ دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە، لە کاتێکدا خۆی ناوی زێیە و زێی گەورە لەوێ تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە لەدوای ئەنفال لەدوای و لەسالی ١٩٨٨ و لەدوای هێرشی سەدام بۆسەر بادینان چۆڵە و هەندێکجار خێزانە کۆچەرییەکان لە هاویندا روو لەو ناوچەیە دەکەن بەهۆی ئەوەی فێنکە و ئاوی زۆرە.

زاپ ناوچەیەکی ستراتیژییە، چونکە زابی  گەورە کە لقێکی گەورەی دجلەیە پێیدا تێدەپەرێت و لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی پەکەکە و تورکیا  بە درێژایی ئەو ماوەیە تەنیا پەکەکە و سوپای تورکیا تێیدا بووە و  لەو کۆتاییدا سوپای تورکیا توانی چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆل بکات ، بەڵام چەند گروپێکی پەکەش لە ناوچەکەدا  مابوون.






PM:03:56:18/11/2025