کۆمەڵ: پارتی کورسیەکانی پەرلەمانمان بداتەوە، بەشداری حکومەت دەکەین

‌عەبدولستار مەجید- ئەندامی مەکتابی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری دەڵیت "پارتی داوایکردوە کۆبونەوەی لوتکە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئەنجام بدرێت و بۆچوونی کۆمەڵیان وەرگرتوە سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە پەرلەمانی کوردستاندا".

چوار شەممە، ٢٦ تشرینی دووەم، ٢٠٢٥، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتابی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە پشتیوان سادق و عەلی حسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی و هۆکاری سەردانیکردنی شاندی پارتی بۆ لایان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند " پارتی داوای لێکردوین پێکەوە بە پرۆژەیەکی هاوبەشەوە بچینە بەغداد و وەڵامی ئەوانیش ئێمەش ئەوە بوە، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتییان بڕیاریانداوە، هەوڵبدەن نەخشە ڕێگایەکی هاوبەشیان هەبێت و پێکەوە داکۆکی لە مافی هاونیشتمانییان بکەن، وە ئەگەر لەسەر ئەم نەخشە ڕێگایە ڕێکنەکەوین، ئەوا لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش لە بەغداد پێکدەهێنین".

"لەبارەی پەرلەمانی کوردستانەوە، پێمان ووتون کورسییەکانمان بدەنەوە دەکەوینە گفتوگۆ، وتویانە چۆن کورسیتان بدرێتەوە، ئێمەش گوتومانە کە ئەو بەڵگانەی کۆمەڵ پێشکەشی کردوون کە دەنگی بردراوە، سکاڵاکان بەوردی یەکلایی بکرێتەوە، مافی کۆمەڵ چی هەیە بیدرێتەوە بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەنجامەکانیش لەبەرژەوەندیی کۆمەڵ نەبوو پێوەی پابەندن" ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ وا دەڵیت.

لە دوای ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەن و پارتە سیاسیەکان دەکات بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش لەگەڵ هەریەک لە یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە دوو شاندی جیاواز لە هەولێر کۆبونەوە.




PM:11:24:26/11/2025