فەرماندەیەکی باڵای پەکەکە: هیچ هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی ئاشتیدا نانێین

 


فەرماندەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان، ئامەد مەلازگیرت دەڵێت "پەکەکە هیچ هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام لەگەڵ تورکیا نانێت". 

ئامەد مەلازگیرت، فەرماندەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند "هەموو ئەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردبوون جێبەجێ کراون، چیتر هیچ هەنگاو و کردەوەیەکی دیکە ئەنجام نادرێت".

هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، دانوستاندنەکان بەرەو پێشەوە ببەن و عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پارتەکەیان ئازاد بکەن. 

لە هەمان کاتدا سەلدا مەزڵوم گابار، فەرماندەیەکی دیکەی باڵای پەکەکەیە لەسەر هەمان بابەت بە فرانس پریسی وتوە "تاوەکو رێبەر (ئۆجەلان) لە زینداندا بێت، گەلی کورد ناتوانێت ئازاد بێت، ئێمەش وەک گەریلا، ناتوانین هەست بە ئازادی بکەین، رێگەی ئێمە بۆ ئازادی بە ئازادیی رێبەرایەتیماندا تێدەپەڕێت."

لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ بە پەیامێكی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان، قۆناغێکی نوێ کە کورد ناوی ناوە "پرۆسەی ئاشتی" و دەسەڵاتی تورکیاش "تورکیای بێ تیرۆر" دەستی پێکردوە، تا ئێستا پەکەکە لەسەر داوای ڕێبەرەکەیان، کۆنگرەی ١٢یان ئەنجامدا و خۆیان هەڵوەشاندەوە و جگە لەوەش سێ هەنگاوی دیکەیان ناوە، کە سوتاندنی چەکەکانیان بەشێوەی سمبولی لەلایەن چەند گەریلایەکەوە و کشاندنەوەی هێزەکانیان لە باکوری کوردستان و کشانەوەیان لە چەند خاڵێکی ناوچەی زاپ لە دهۆک، لە بەرامبەردا لە ناوخۆی تورکیا کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان دروستکراوە و ئێستا لە قۆناغی دووەمی کارەکانیەتی دوای سەردانیکردنی لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ دورگەی ئیمراڵی و گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەوەی کورد داوای دەکات دووبارە نوسینەوەی دەستورە و داننان بە مافی کوردە. 


 




PM:06:59:30/11/2025