بارەگای بارزانی بۆ باخچەلی: هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانی لە پێستی مەڕدا


بارەگای بارزانی وەڵامی سەرۆکی مەهەپە دەداتەوە و دەڵێت "وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".

سێ شەممە، ٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە و ڕایگەیاند " بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات".

دەوڵەت باخچەلی، یەکێک بوو لەو کەسانەی رەخنەی لە پاسەوانەکانی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی گرت کە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە جزیرێ و رایگەیاند "دەوڵەتەکەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی هەموو سەردانیکارێک".

بارەگای بارزانی دەڵێت "قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک 
ڕووینەداوە"

ڕۆژی ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەردانی شارۆچکەی جزیرێی لە پارێزگای شرناخی باکوری کوردستان کرد، بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیرێ کرد وسەردانی چەند جێگایەکی دیکەشی کرد.






PM:05:54:02/12/2025