وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر سەرۆکە زیندانیکراوەکان زانیاری دەدرکێنێت

‌کوێستان محەمەد- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی


وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر ڕەوشی سەرۆکی سێ حزبی زیندانیکراوەکەی سلێمانی دەڵیت " شاسوار عەبدولواحید زۆر باشە، ئاگاداری لاهور شێخ جەنگی و ئارام قادر نین".

چوار شەممە، ٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند "ئاگاداری ڕەوشی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل نین، چونکە ئەو دوو سەرۆکە تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراون، ئەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوانەن کە دادگایی کراون، واتە هەتا دادگایی نەکرێن، هیچ کەیسێک بۆ ئێمە نایەت".

لە بارەی ڕەوشی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید، ئەو وەزیرە ووتی " لەبەرئەوەی شاسوار عەبدولواحید کەیسەکەی چووەتە بەردەم دادوەر و دادگایی کراوە، بۆیە ئاگاداری ئەوین و ڕەوشی زۆر باشە".

ئارام قادر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لاهور شێخ  جەنگی لە ٢٢ ئابی ٢٠٢٥، دەستگیرکراون و تا ئێستا دادگایی نەکراون، و ١٢ ئابی ٢٠٢٥ شاسوار عەبدولواحید، دەستگیرکراو سزای پێنج مانگ زیندانی لە مانگی ئەیلولیدا بۆ دەرچوو. 





PM:09:47:03/12/2025