ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە، دەڵێت "تۆمەتباركردنی نێچیرڤان هەركی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە خەبات، لەلایەن دەزگای ئاسایشی پارتییەوە، تۆڵەكردنەوەیە و باجی كاندیدبوونی لەسەر لیستی یەكێتی پێدەدەن، چونكە ئەوەی عەقڵ نەیبڕێت پارتی تۆمەت بۆ یەكێتی دروستدەكات پێی".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر تۆمەتبارکردن و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی، بەرپرسی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی، نێچیرڤان هەرکی، ڕایگەیاند "پارتی ئەگەر بیانەوێت ترەمپ تێبگەیەنن كە (نێچیرڤان هەركی) مەترسییەكی گەورەیە و عیراق تێبگەیەنن كە دژی عیراقە و هەرێم تێبگەیەنن كە چاوی بە سەركەوتنی هەرێم و كارەبای بەردەوام هەڵنایەت و كێشەی گەورە دروست دەكات، ئەوە كلیپێكی بێ ناوەڕۆك و تەواو بێ مانایە".
"ئەمڕۆ لە هەرێم لەقۆناغێكین جیهان رێزمان لێدەگرێت و زیندووكردنەوەی ئەم جۆرە كلتورە بەناوی دانپێدانان كارێكی باش نییە، بۆیە نابێت یەكێتی قبوڵی بكات، هاوكات هەركییەكان خەڵكی باشن و خاوەنی بیروباوەڕی عەشایەریی خۆیانن بۆ بەكاریاندەهێنن؟ بهێڵن وەك خۆیان بژین و بیروباوەڕی خۆیان جێبەجێبكەن، هاوكات نێچیرڤان كەسێكی گرنگە لەناو هەركییەكان و ئەوەی بەرامبەری كراوە شەڕە دژی هەركییەكان و بە ئاسانیش تێناپەڕێت، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وا دەڵێت.
٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خەڵکی گوندی لاجان ناڕەزایەتی لە بەرامبەر کۆمپانیای لاناز دەربڕی، داوای داخستنی دوو پاڵاوتگەیان لە گوندەکەیان کرد یاخود خەڵکی گوندەکە بێ جیاوازی لە ناو پاڵاوتگەکان کاربکەن، لە ئەنجامدا گرژی دروستبوو و لە لایەن پاسەوانەکانی کۆمپانیاکە و هێزە ئەمنیەکانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و شوفێرێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی کەرکوک گیانی لەدەستدا و نزیکەی ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون و ژمارەیەک کەسی دیکەش دەستگیرکران کە بە پێی زانیاریەکانی سپی تا ئێستا ئازادنەکراون، بۆ پاڵپشتی خەڵکی لاجان لە قەزای خەبات خۆپیشاندان ئەنجامدرا، هێزە ئەمنیەکانی هەولێر بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتیان لە قەزاکە دەستگیرکرد بە تۆمەتی هاندان بۆ دروستکردنی پشێوی.