باران و تەرزە دەبارێت وهۆشداری دروستبوونی لافاوی بەهێز دەدرێت

شارەزایەکی کەشناسی کورد پێشبینییەکانی بارانبارین بۆ رۆژانی داهاتوو دەخاتەڕوو وئاشکرای دەکات کە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەموو ناوچەکانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە و تەرزە و هەوروتریشقەشی لەگەڵ دەبێت وهەروەها هۆشداری لە دروستبوونی لافاوی بەهێز دەدات.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" وەک لەنەخشەکەدا دیارە لە ئێستادا هەورە بروسکە و بارانبارین نزیک ئەبێتەوە لەسنورەکانی نێوان عێراق و سوریا لە کاتەکانی داهاتوودا داخڵی ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و هەرێم ئەبێت کە سەرەتاش ناوچەکانی سنوری پارێزگای نەینەوا و دهۆک ئەگرێتەوە و پاشان لەشەودا بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێم فراوان ئەبێت ".

ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ سبەی دووشەمە بەدرێژایی کاتەکان کەش لەسەرجەم ناوچەکانمان باراناوی ئەبێت و پلەکانی گەرماش ٦ پلە نزمدەبنەوە و لەکاتی بارانیشدا بای باشوری رۆژهەڵات چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥-٣٠کم/ک ، زۆرترین رێژەی بارانبارینیش بۆ ئەمشەو و سبەی دووشەم لەناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک و بەگشتی ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین ئەبێت کە پێشتر هۆشداریمان لەبارەیەوە داوە کە لەو ناوچانەدا بەهۆی بارانی زۆر و لێزمە بارانەوە مەترسی لافاوی بەهێز هەیە و پێویستە هاوڵاتیان باپەندبن بە رێنماییەکانی بەرگری شارستانیەوە تا لەهەر رووداوێکی نەخوازراو بەدووربن" .

ئەوکەشناسە دەشڵێت" بۆ رۆژی سێشەمە ناجێگیریەکان لەبەرگەهەوای ناوچەکەدا توندتر ئەبنەوە و دۆخەکە جیاوازتر ئەبێت و لەم قۆناخەدا هەورە بروسکەی توند و تەرزە و بارانی زۆر بەهێز ئەبارێت ، بۆیە سبەی زانیاری گرنگم ئەبێت لەسەر دیاریکردنی کۆمەڵێک شوێن و ناوچەی دیکە کە بۆ رۆژی سێشەمە حاڵەتەکان تیایدا بەهێز ئەبن و پێویست بەوەدەکات بەوردی چاودێری بکەین و ئەو مەترسی و ئەگەرانەی هەیە بۆ لافاو باسی بکەین ".




AM:09:45:07/12/2025