مەزڵوم عەبدی: پاپەندین بە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایگەیاند'' ساڵێک لەمەوبەر بە رووخانی رژێمی لەناوچوو، سوریا پێی نایە قۆناغێكی نوێ‌ شانازی بەو وێستگە مێژوییە دەكەین، كە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ستەمکاری و دابەشبوون هێنا.'' 

مەزڵوم عەبدی، بەبۆنەی ساڵیدای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە پێگەی '' ئێکس'' بڵاویکردەوە'' پابەندبونی جێگیرمان بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار وەک بناغەیەک بۆ بونیادنانی سوریایەکی دیموکراسی و نا ناوەندی و یەکگرتوو دووپات دەکەینەوە، کە بە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بەهێزکراوە.'' 

وتیشی'' پیرۆزبایی ئەم یادە لە گەلی سوریا دەکەین، کە ئیرادەی سورییەكان دووپات دەکاتەوە بۆ بونیادنانی داهاتوویەک لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەقامگیری، هاوبەشی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی.'' 

هەروەها، جەختیکردەوە لەوەی، قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی و دیالۆگێکی هەمەلایەنە بەسەر هەموو لایەکدا دەسەپێنێت، کە بەرژەوەندی گەلی سوریا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت.




PM:11:42:07/12/2025