تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی( ئاڤا) لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەرکران

ماوەی دوو رۆژە پەیامنێری کەناڵی ( ئاڤا) میدیا وتیمەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە، بەڵام تا ئێستا ئاڤا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم هەواڵە نەبووە. 


رێکخراوی مافی مرۆڤی (هانا) و (هەنگاو) بڵاویانکردووەتەوە کە " لە دوێنێەوە لە دووهەمین ڕۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی (بەیت و حەیران) شاری سەردەشت، عومەر ئەحمەد ناسراو بە (رەسوکە) تەمەن ٤٣ زاڵ، خەڵکی شاری پشدەر (قەڵادزێ) پەیامنێری ئاڤا میدیا لەگەڵ تیمی وێنەگرەکانی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوی پاسداری ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە".

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە کە "  عومەر ئەحمەد و تیمەکەی بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرت لە فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی مەهاباد و هەروەها فێستیڤاڵی (بەیت و حەیران)ی شاری سەردەشت چوونەتە ئەو ناوچەیە، لە دووهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵەکە و لە جەریانی ڕێورەسم لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ورمێ ڕاگوێزراون".

دەشڵێت" تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر چارەنوسی ئەم شارۆمەندانە هیچ زانیاریەک بەردەست نیە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا کەناڵی( ئاڤا) هیچ هەواڵێک و روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی عومەر ئەحمەد ناسراو بە (رەسوکە) بڵاونەکردووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ژووری هەواڵی (سپی) میدیا پەیوەندیان بە بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانییەوە کرد، بەڵام هیچ وەڵامیان نەبوو .




PM:12:52:08/12/2025