وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حسێن، دەڵێت " شیعە، سوننە و کورد لەسەر پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، شیعە و سوننە چوارچێوەیان بۆ گفتوگۆ هەیە، بەڵام کورد ئەو چوارچێوەیەی نییە".
سێ شەممە، ٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕوداو لەسەر چەند بابەتێکی هەنوکەیی قسەی کرد، لە بارەی پۆستی سەرۆکی کۆمارەوە ڕایگەیاند " پارتی پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ناوم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەهێندرێت، بەڵام بڕیار لای جەنابی سەرۆک بارزانییە ".
"دوور نییە پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێری جیاواز بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار بچنە پەرلەمان، باشترە پارتی و یەکێتی رێکبکەون، ئەگەرنا دەبێتە کێبڕکێیەکی تووند"، فواد حسێن وا دەڵێت.
وەزیری دەروەی عێراق سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " ساڵێک تێپەڕی و پەرلەمانی کوردستان دانەنیشتووە، ئەمە زەنگی مەترسییە، بەپێی ژمارە پارتی دەتوانێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام جوگرافیا ڕێ نادات و لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە".