بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی، بەهۆی ئەو شەپۆلی باران بارینە بەخوڕەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتوەتەوە و مەترسی دروستبوونی لافاو و حاڵەتی نەخوازراو لەچەند شوێنێكدا لەئارادایە".
سێ شەممە، ٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " لەسەر فەرمانی بەڕێز ( د.صباح نصرالدین ) بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاوڵاتیان، وە هاوڵاتیانی سلێمانی لە کاتی هەبوونی حاڵەتی نەخوازراودا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە تیمەکانی فریاکەوتنی خێراوە بە ژمارە تەلەفونی ١٢٢".
هەروەها هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بەشەكانی فریاكەوتن بەشێوەی ئێشكگری كراوە دەبن.
ماوەی سێ ڕۆژە شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەزای چەمچەماڵ بە هۆی دروستبوونی لافاوەوە بە پێی ڕاگەیاندراوی قایمقامیەتی قەزاکە دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و چوار هاوڵاتیش بریندارن.