ئاوی دوو گەورەترین بەنداوی هەرێم ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا زیادیان کردوە

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' لە ٤٨ کاژێری رابردوودا، ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا زیادیان کردووە."

 رەحمان خانی، لە نوێترین لێدوانیدا باسی لەوەکرد، ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان ٥٧ سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش ١٥٠ سانتیمەر بەرزبوونەتەوە.'' 

وتیشی'' هەموو بەنداوە بچووک و پۆندەکانیش پڕ بوون یانیش سەرڕێژ بوون، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە.''  

ئەمە لە کاتێکدایە، بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی ٧ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی ٣ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

هەروەها، بەنداوی دهۆک بەراورد بە دوو بەنداوەکەی دیکە بچووکە، بەڵام سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.




PM:03:10:10/12/2025