بە هۆی لافاوەوە ژنێك کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندارە

‌ساتی گواستنەوەی تەرمی ئو ژنەی تەزووی کارەبا گرتی

لە کەرکوک، بە هۆی لافاوەوە کە چوەتە ماڵێکەوە ژنێکی بەتەمەن کارەبا گرتویەتی و گیانی لە دەستدا و کارمەندێکی شارەوانیش لە کاتی کارکردن لە گەڕەکی ڕەحیماوە کارەبا گرتویەتی و بریندار بوە. 

چوار شەممە، ١٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە هۆی کۆبونەوەی ئاوی باران و دروستبوونی لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری کەرکوک، ژنێکی بەتەمەنی دانیشتووی گەڕەکی شۆڕاو لە ماڵەکەی خۆیدا و لە کاتی چونەژورەوەی ئاو بۆ ماڵەکەی تەزووی کارەبا لێیداوە و گیانی لە دەستدا،  کارمەندێکی شارەوانیش لە کاتی بەردانی مەنهۆڵیکدا لە گەڕەکی ڕەحیماوە، بە هۆی تەزووی کارەباوە بریندار بوو.

عەدنان شکور، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی کەرکوک بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە " کارمەندەکەیان سەرقاڵی پاککردنەوەی مەنهۆڵ بووە بۆ ئەوەی ئاوی لافاو کۆنەبێتەوە، بەڵام کارەبا گرتوویەتی و بریندار بووە"، بە پێی زانیارییەکان ئەو کرێکارە تەمەنی ٢٣ ساڵە.

پارێزگاری کەرکوک، ڕێبوار تەها ڕایگەیاند، بە هۆی ناسەقامگیری کەش و هەوا و بۆ سەلامەتی گیانی هەموان سبەی  پێنج شەممە لەسەرجەم ناوەندە حکومیەکانی پارێزگاکە پشووە.




PM:07:51:10/12/2025