سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت " نوسراوێکمان رەوانەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم کردوە، بەڵام دوای مانگێک ئاسایشی سلێمانی پێیانوتوین کە نوسراوەکە ونبووە".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بورهان ڕشید سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی روونیکردنەوە " بەپێی یاسا نابێت لە ئێستادا لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار دادگایی بکرێن، چونکە ئێمە نوسراوێکمان رەوانەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم کردوە، بەڵام دوای مانگێک ئاسایشی سلێمانی پێیانوتوین کە نوسراوەکە ون بوە و ناچار نوسراوێکی دیکەمان رادەستی ئاسایش کردوە ".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " بەپێی یاسا، تاکو دادگای تەمیز وەڵامی نوسراوەکەی ئێمە نەداتەوە، ناتوانرێت دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار دەستپێبکات".( ئەوە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە هەیە بەمزوانە لاهور جەنگی دادگایی بکرێت).
" ناکرێت بەبێ ئاگاداری ئێمە دادگاییکردنی ئەو کەسانە ئەنجامبدرێت، ئێستاش دۆسیەکە تەنها لەقۆناغی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانە ".( بورهان رەشید پارێزەر وا دەڵێت).
سەرۆکی تیمی پارێزەران وتیشی،" داواکارین بەزوترین کات نوسراوەکەمان ئاراستەی دادگای پێداچونەوە بکرێت، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کردوە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت ".
لەبارەی هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای هەولێر، بورهان ڕشید دەڵێت" جارێ نازانرێت کە ئایا دادگای پێداچونەوە دۆسیەکە دەگوازێتەوە بۆ دادگای هەولێر، یاخود دەینێرێتەوە بۆ دادگای سلێمانی" .
رۆژی ٢٢ ی ئاب دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە شەڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوە، دواجار سەرۆکی بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگی و چوارچەکدار لە هەردوولا کوژران و زیاتر ١٥٠ چەکداری بەرەی گەل بە دوو باری خۆشیەوە دەستگیرکران.
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی حیزبی بەرەی گەلە و پێشتر لە شوباتی ٢٠٢٠ لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردرا و لە هەشتی تەمووزی ٢٠٢١ لەلایەن هاوسەرۆکی یەکێتییەوە بافڵ تاڵەبانی لە پۆستەکەی لادرا.
بەرەی گەل، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەشداری کرد و تێیدا دوو کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.