قایمقامی تەقتەق، ئاشکرایدەکات، لافاو زیانی بە زیاتر لە ٢٣٠ خاوەن حەوزی ماسی، جووتیار، باخەوان، ئاژەڵدار و خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری گەیاندوو.
ئاسۆ مستەفا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک ٢.٥ بۆ ٣ مەتر بەرزبووەوە، زیانێکی زۆر بە گوندنشینانی سنووری قەزاکە کەوتووە ولافاوەکە پڕۆژە گەشتیارییەکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و حەوزەکانی ماسی تێکداوە.''
وتیشی''بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیەکی زۆر جووتیار، باخەوان، ئاژەڵدار، خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری و خاوەن حەوزی ماسی زەرەرمەند بوون کە ژمارەیان لە ٢٣٠ کەس زیاترە.''
ئامارەکانی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
-گوندی کانی لەلە: ٦١ جووتیار و باخەوان، ئاژەڵدار و خاوەن حەوزی ماسی زیانیان بەرکەوتەوە
گوندی سەرکەڵەک: ٢٠ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی کانیە رەش: ٢٩ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی گەرمک: ٢٩ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی مخەڕەس: ٢٠ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی باغەجنێر: ٤ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی مەلازیادە: ١١ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی ساتۆقەڵا: ٦ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
-گوندی چۆم حەیدەر: ٤٩ جووتیار زیانیان بەرکەوتەوە
ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی دروستبوونی لافاوەکەدا، تیمەکانی فریاگوزاری و بنکەی مەلەوانیی قەزاکە، لانیکەم ٢٥ کەسیان رزگار کردووە کە لە زێی بچووکدا گیریان خواردبوو.
لە رۆژی یەکشەممە ٧ی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو، لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.