وردەکاری زیانەکانی لافاوەکەی هەرێم بڵاودەکرێتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەداتای ورد، زیانی لافاوەكەی هەفتەی ڕابردوی ناوچە جیاوازەكانی بڵاوکردەوە. 

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوەو بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لەگیانلەدەستدانی ٥ هاوڵاتی و برینداربونی ١٩ی دیکە، زیانی ماددی بە دوو هەزار و ٣٦٧ ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتوە.

زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
دوو کەس گیانی لەدەستداوە.
١٢ کەس بریندار بووە.
یەک کەس بێ سەر و شوێنە.

٦٠٠ ماڵ لەقەزای چەمچەماڵ و ٦٠٠ ماڵ لەشۆڕش و ٤٠٠ ماڵ لەتەکیە زیانی بەرکەوتوەو لەپارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتوە.

زیاتر لە ١٠٠ دوکان و کۆگا ئاو چووتە ناویان و ٥ فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچوەو کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.

تەنها لەقەزای چەمچەماڵ نزیکەی ٢٠٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتوە.

لەناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە ٤٠٠ حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتون.

دیواری قوتابخانەیەک لەقەزای تەکیە ڕوخاو زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لەناوچوە.

لەناحیەی پیرەمەگرون، زیان بە ١١٨ ماڵ کەوتوەو هەروەها ٤٦ دوکان و ١٢ مەخزەن ئاو چووتە ناوی، و ٤ ئۆتۆمبێل و ١ تراکتۆر زیانی پێگەیشتوە. بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگرون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحمود ڕوخاوە.

لەقەزای دوکان ٧ ماڵ و ١٥ دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت زیانیان بەرکەوتوە.

نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچوە.

بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی زێی بچوک، زیانی ماددی بەگوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتوە.

پردی مەڵەتەبە لەقەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتوچۆی ماوەت ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان.
لەقەزای دوکان، پردی زەرزی لەنێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕوخاوە. ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوەو ڕێگەیەک لەناو گوندی شاقوڵی تێکچووە.

لەقەزای شارەزور، ١٤ ماڵ زیانی بەرکەوتوەو ٣ پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ زیانی پێگەیشتوە.

لەبازیان ٩١ یەک ماڵ زیانی بەرکەوتوەو ١٠٨خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و ٦٦ خانوی پلاستیکی ئاو چوتە ناویان و زیانیان بەرکەوتوە.

لەقەزای بازیان، ١٢ هەزار و ١٠٦ مریشک و ٦ پڕۆژەی هەنگی و ٣٣ عەلەشیش و ٧ کۆتر و ٦مانگا و ٦٥سەر مەڕ و بزن خنکاون.


لەناحیەی تەکیە لەکێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە ١٥ هەزار جوچکە مرداربوەتەوە بەهۆی لافاوەوە.

ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە ١٠ گوند لەسنورەکە زیانیان بەرکەوتوە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەرو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن.




PM:09:29:15/12/2025