میران بەکر لە وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیدا دەڵیت "ئەم بەیاننامەی برادەرانی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک دەریانکردووە، ئازاری زیاترە لە لێدانەکە، من لە هەناوی میدیایی گەورەبووم، تێدەگەم ئەگەر یەک تۆزقاڵ خراپی و بەڵگەیەکی خراپیان لەسەر من هەبوایە، بە بێ دوو دڵی دونیایان تێدەگەیاند، بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، دەڵێن: سەرخۆش بووە".
شەممە، ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگە، وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی- هەولێری دایەوە و ڕاگەیاند "نازانم چ دەبەنگ و بێ عەقلەک، ئەو بەیت و بالۆرەی نوسیوە، ئاخر گریمان بێ هۆش بووم، دەبێ تورەکەم بخرێتەسەر؟ یان بە سێ چوار سەیارە و دەیان چەکدار لێمبدەن یان کەلەپچە بکرێت؟ دوایی کەی ئیشی ئاسایش و ئۆپەڕاسیۆنە، تەدەخولی کاری وەها بکەن؟ ئیدی من دەمزانی هەر ئەوە دەڵێن: باشبوو، نەیانگۆت، دوو کیلۆ ماددەی هۆشبەریشی پێبوو".
کەمێک لەمەوبەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو "میران بەکر کاتژمێر ١٢:٣٠ ـی شەو چووەتە کۆڵانی مەکتەبی سیاسیی و لە ژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا، سوکایەتیی بە پاسەوانانی مەکتەبی سیاسیی کردووە، لەلایەن مەفرەزەی مەکتەب سیاسییەوە ناوبراو براوەتە ژووری ئەفسەری بەرپرس و لە دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی و داوای لێبوردنکردنی، بەڕێزەوە بارەگای مەکتەب سیاسیی بەجێهێشتووە".
میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە و کادری یەکێتیە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی شەهدیانی هەولێر لەلایەن هێزێکی یەکتیەوە دوای ئەوەی سەردانی ماڵی هاوڕێیەکی کردوە، فڕیندراوە و ڕوبەڕووی لیدان و توندوتیژی بۆتەوە.